عیبرانییەکان 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عیبرانییەکان 10:1-39

قوربانی مەسیح جارێک و بۆ هەمووان

1تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە کامڵ و تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە. 2ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن. 3بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە، 4چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.

5لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی:

﴿بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،

بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم.

6بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.

7ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە،

تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم، ئەی خودا.»﴾10‏:7 زەبوورەکان 40‏:6‏-8.‏

8لە سەرەوە فەرمووی: ﴿تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،﴾ ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت، 9ئینجا مەسیح فەرمووی: ﴿ئەوەتا هاتم تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم.﴾ یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ10‏:9 مەبەست لە پەیمانەکانی یەکەم و دووەمە، بڕوانە 9‏:1.‏. 10بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.

11هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات. 12بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت، 13لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی، 14چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.

15ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:

16﴿یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە

لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم،

«فێرکردنەکانم10‏:16 تەورات.‏ دەخەمە ناو دڵیان و

لەناو مێشکیان دەینووسم.»﴾10‏:16 یەرمیا 31‏:33.‏

17پاشان دەفەرموێت:

﴿لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾10‏:17 یەرمیا 31‏:34.‏

18لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.

بانگەوازێک بۆ خۆڕاگریی لە باوەڕ

19بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە، 20بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە، 21لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا10‏:21 ماڵی خودا: مەبەست لەو پیرۆزگایەیە کە لە ئاسماندا هەیە. بڕوانە زەبوورەکان 20‏:6.‏ دەکات، 22هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا10‏:22 مەبەست لە خوێنی مەسیحە بۆ لێخۆشبوونی گوناه، بڕوانە دەرچوون 24‏:8‏.‏ تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا. 23با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە. 24هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. 25با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.

26ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، 27بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات. 28ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرا. 29بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟ 30لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: ﴿تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾10‏:30 دواوتار 32‏:35.‏ هەروەها: ﴿یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.﴾10‏:30 دواوتار 32‏:36، زەبوورەکان 135‏:14 31کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.

32ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. 33هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. 34هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.

35کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە، 36چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن، 37چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت،

﴿ئەوەی دێت، بێگومان دێت و دواناکەوێت.

38ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت،

هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە،

ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.﴾10‏:38 حەبەقوق 2‏:3، 4‏

39جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕێنەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.