عۆبەدیا 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عۆبەدیا 1:1-21

بینینەکەی عۆبەدیا

1بینینەکەی عۆبەدیا.

یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت،

هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست،

نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:

«هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»

2«ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،

تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.

3فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،

ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد1‏:3 پایتەختی ئەدۆم ناوی سەلەع بوو، کە هەمان وشەی عیبرییە بۆ تاشەبەرد.‏،

ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە،

ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:

”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“

4ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و

ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت،

لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

5«ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت،

ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟

ئەگەر ڕەزبڕت1‏:5 ڕەزبڕ: ئەوەی بەرهەمی ڕەزی دەبڕێتەوە.‏ بۆ بێت

ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟

ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!

6ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت!

گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!

7هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای،

هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون،

ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە،

بەڵام تۆ تێناگەیت.»

8یەزدان دەفەرموێت:

«ئایا لەو ڕۆژەدا،

دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم،

تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟

9ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن،

هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن

بە کوشتن لەناودەچن.

10لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات،

ڕیسوایی داتدەپۆشێت،

بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.

11ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد

کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و

نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و

لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد،

هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.

12بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت،

یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت،

یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.

13نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم

لە ڕۆژی کارەساتیان،

یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت

لە ڕۆژی کارەساتیان،

یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت

لە ڕۆژی کارەساتیان.

14نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت

بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان،

نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت

لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.

15«ڕۆژی یەزدان1‏:15 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏ بۆ هەموو گەلان نزیکە.

هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە،

کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.

16هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە،

هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛

دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و

وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.

17بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت،

پیرۆز دەبێت،

بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.

18بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و

بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛

بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش،

جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن.

بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.»

ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

19خەڵکی نەقەب

چیای عیسۆ داگیر دەکەن،

خەڵکی زوورگەکانیش

خاکی فەلەستییەکان.

دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە،

بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.

20ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن

هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛

ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن

دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.

21ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن

بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ.

پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.