شینەکانی یەرمیا 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

شینەکانی یەرمیا 5:1-22

1ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات،

تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.

2میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو،

ماڵمان بۆ بێگانە.

3هەتیو و بێ باوک بووین،

دایکانمان وەک بێوەژنن.

4دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە

دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.

5ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە،

ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.

6دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە

بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.

7باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان،

ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.

8کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن،

کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.

9بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە

هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.

10پێستمان وەک تەنوور سووتاوە،

لەبەر برسیێتی برژاوین.

11لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان،

پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.

12میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن،

ڕێز لە پیران ناگیرێت.

13لاوانیان دەهاڕدرێن،

منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.

14پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن،

لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.

15خۆشی دڵمان نەما،

شاییمان بوو بە شیوەن.

16تاجی سەرمان کەوت.

قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!

17لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا،

لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،

18لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو،

چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.

19ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت،

تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.

20بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟

بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟

21ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە،

وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،

22یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و

بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟