شینەکانی یەرمیا 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

شینەکانی یەرمیا 3:1-66

1من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی

بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.

2منی بە پێش خۆی دا و

منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.

3بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە

بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.

4گۆشت و پێستی منی پیرکرد،

ئێسکەکانی شکاندم.

5دەوری گرتم و گەمارۆی دام

بە ژەهر و ناخۆشی.

6ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم

وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.

7لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم،

زنجیرەکانی منی قورس کرد.

8هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم،

بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.

9بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت،

ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.

10وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە،

وەک شێرێک خۆی مات دەکات،

11منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم،

منی وێران کرد.

12کەوانەکەی ڕاکێشا

منی کردە نیشانەی تیرەکانی.

13تیرەکانی تیردانەکەی

لە دڵم چەقاند.

14هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن،

بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.

15تێری کردم لە تاڵی،

زەقنەبووتی دەرخوارد دام.

16بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد،

منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.

17من لە ئاشتی بێبەش کراوم،

سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.

18ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما،

هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»

19دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،

وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.

20بە باشی بەبیرم دێتەوە،

لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.

21بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و

لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

22بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،

چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.

23ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛

دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.

24بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،

لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

25یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،

بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.

26باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات

بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.

27باشە پیاو نیر هەڵبگرێت

هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.

28با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت،

چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.

29با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ،

لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.

30با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات،

با تێربێت لە ڕیسوایی.

31چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە

لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.

32لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات،

بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

33ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و

دڵتەنگی ناکات.

34تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی

لەژێر پێ،

35یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی

لەبەردەم خودای هەرەبەرز،

36یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری،

ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟

37کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ،

ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟

38ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە

بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟

39بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات

کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟

40با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و

بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.

41با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە

بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:

42«ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین،

تۆش لێمان خۆش نەبوویت.

43«خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین،

بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.

44بە هەور خۆت داپۆشی

بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.

45ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو

لەنێو گەلان.

46«هەموو دوژمنانمان

دەمیان لێمان کردەوە.

47ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا،

لەناوچوون و وێرانی.»

48چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن

لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.

49چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن

بەبێ پسانەوە،

50تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە

تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.

51ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات

لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.

52ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ

وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.

53بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،

بەردیان تێمگرت.

54نوقومی ئاو بووم،

گوتم: «خەریکە بمرم.»

55ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە

بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.

56گوێت لە دەنگم بوو:

«گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»

57ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە،

فەرمووت: «مەترسە!»

58ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد،

ژیانی منت کڕییەوە.

59ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی.

دادوەری کێشەکەم بکە!

60هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی،

هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.

61ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو،

هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛

62ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من

باسی دەکەن و دەیچرپێنن.

63تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان،

بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.

64ئەی یەزدان، سزایان بدە،

بەپێی کردەوەکانی دەستیان.

65پێچە لەسەر دڵیان دابنێ،

با نەفرەتت لەسەریان بێت!

66بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە

لەژێر ئاسمانی یەزداندا.