سەفەنیا 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەفەنیا 3:1-20

داهاتووی ئۆرشەلیم

1قوڕبەسەر شاری ستەمکارەکان

ئەوەی یاخی بووە و گڵاوە!

2گوێی لە کەس نەگرت،

تەمبێ نەبوو،

پشتی بە یەزدان نەبەست،

لە خودای خۆی نزیک نەبووەوە.

3میرەکانی ناوەڕاستی شێرن دەنەڕێنن،

دادوەرەکانی گورگی ئێوارانن،

هیچ بۆ بەیانی ناهێڵنەوە.

4پێغەمبەرەکانی لەخۆبایین،

خەڵکانێکی ناپاکن،

کاهینەکانی پیرۆزگایان گڵاو کردووە،

تەوراتیان پێشێل کردووە.

5یەزدان لەو شارەدا ڕاستودروستە،

ناڕەوایی ئەنجام نادات.

بەیانییان دادپەروەرییەکەی پەیڕەو دەکات،

کەموکوڕی تێدا نییە،

بەڵام ستەمکار واتای سەرشۆڕی نازانێت.

تۆبەنەکردنی ئۆرشەلیم

6«نەتەوەکانم ڕیشەکێش کرد،

قەڵاکانیان وێران بوون،

شەقامەکانی ئەوانم چۆڵ کرد،

بەبێ ڕێبوارن،

شارەکانیان وێران کران،

بەبێ مرۆڤن، بێ دانیشتووان.

7ئینجا سەبارەت بە ئۆرشەلیم گوتم:

”بێگومان ئیتر لێم دەترسیت و

تەمبێ دەبیت!“

هەتا نشینگەکەی ڕیشەکێش نەکرێت،

هەموو سزای خۆم بەسەریدا ناسەپێنم.

بەڵام چالاک بوون

لە گەندەڵکردنی هەموو کردەوەکانیان.»

8یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە چاوەڕێم بکەن،

هەتا ئەو ڕۆژەی هەڵدەستم بۆ شایەتیدان،

چونکە بڕیارم دا نەتەوەکان کۆبکەمەوە،

پاشایەتییەکان خڕبکەمەوە،

بۆ ئەوەی هەڵچوونم بەسەریاندا هەڵبڕێژم،

هەموو گڕی تووڕەییم،

بە ئاگری ئیرەییم

هەموو زەوی هەڵدەلووشێت.

چاکسازی پاشماوەی ئیسرائیل

9«ئینجا لێوی هەموو گەلان پاک دەکەمەوە،

هەتا هەموویان بە ناوی یەزدانەوە نزا بکەن،

تاکو هاوشانی یەکتر خزمەتی بکەن.

10لەوبەری ڕووبارەکانی کوشەوە

ئەوانەی دەمپەرستن، گەلە پەرتوبڵاوکراوەکەم،

دیارییەکانم پێشکەش دەکەن.

11لەو ڕۆژەدا بەهۆی کردەوەکانت سەرشۆڕ نابیت

کە پێیان لە من یاخی بوویت،

چونکە من لەم شارە دایاندەماڵم،

ئەوانەی بە لووتبەرزییان دڵخۆشن.

ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ سەر لووت بەرزی

لە کێوی پیرۆزم.

12بەڵام گەلێکت تێدا دەهێڵمەوە

سادە و ساکار،

پشت بە ناوی یەزدان دەبەستێت.

13پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن،

درۆ ناکەن،

لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت،

چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن،

کەسیش نییە بیانترسێنێت.»

14ئەی سییۆنی کچ، گۆرانی بڵێ،

ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە!

بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە،

ئەی ئۆرشەلیمی کچ!

15یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی،

دوژمنەکەت کشایەوە.

یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە،

جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.

16لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت:

«ئەی سییۆن مەترسە،

دەستت شل مەکە.

17یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە،

لە ڕزگارکردن قارەمانە.

بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت،

لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە،

بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»

18«ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن

لە تۆ دایاندەماڵم،

لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.

19لەو کاتەدا من سزایان دەدەم

هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛

شەلەکە ڕزگار دەکەم و

ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە.

ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم

لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.

20لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە،

لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان.

ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم

لەنێو هەموو گەلانی زەوی،

کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان

لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.