سەفەنیا 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەفەنیا 2:1-15

1ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە،

خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە،

2بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت،

بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت،

پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان،

پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان.

3ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن،

ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن.

داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن،

بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن.

سەبارەت بە فەلەستیە

4غەزە چۆڵ دەکرێت و

ئەسقەلان وێران دەبێت،

ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و

عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت.

5قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا،

نەتەوەی کریتییەکان!

فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە،

ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان،

یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم،

کەست ناهێڵمەوە.»

6کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا،

دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری2‏:6 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏ مەڕ.

7دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا،

لەسەری دەلەوەڕێنن،

ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن،

چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە،

ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە.

سەبارەت بە مۆئاب و عەمۆن

8«گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و

قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو،

ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و

هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.»

9یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت:

«بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە

بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت،

عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا،

هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و

چاڵی خوێ و وێرانییە.

پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و

پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.»

10لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت،

لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار.

11یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان،

چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت.

هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن،

هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی.

سەبارەت بە کوش

12«ئێوەش ئەی کوشییەکان2‏:12 کوش وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏،

بە شمشێری من دەکوژرێن.»

سەبارەت بە ئاشور

13دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و

ئاشوریش لەناودەبات،

نەینەوا وێران دەکات

وەک بیابان وشک دەبێت.

14ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە،

هەموو جۆرە ئاژەڵێک.

هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش،

لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن،

لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت،

کاول بوون لە بەردەرگایە،

چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە.

15ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە

کە لە ئاسوودەییدا دەژیا.

ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت:

«تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.»

ئاخ، چۆن وێران بوو،

لانەی گیانلەبەران!

هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و

فیکە لێدەدەن.