سەرژمێری 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 4:1-49

قەهاتییەکان

1یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2«سەرژمێری نەوەی قەهات لەنێو نەوەی لێڤییەکان بکەن، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 3لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەتوانن بچن بۆ خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتن کار بکەن.

4«نەوەی قەهات خزمەتی شتە هەرەپیرۆزەکانی ناو چادری چاوپێکەوتن دەکەن. 5هارون و کوڕەکانی لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگا دێن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز هەڵدەگرنەوە و سندوقی شایەتی پێ دادەپۆشن. 6ئینجا پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا بەسەردا دەدەن و لەسەر ئەوەشەوە قوماشێک هەمووی ڕیسی مۆر بێت ڕایدەخەن و دارەکانیشی دەخەنە شوێنی خۆی.

7«لەسەر مێزی نانی تەرخانکراو بۆ خودا قوماشێکی لە ڕیسی مۆر ڕادەخەن و لەگەن و قاپ و تاس و دۆلکەکانی شەرابی پێشکەشکراوی لەسەری دادەنێن و بەردەوام نانەکەی لەسەر دەبێت. 8قوماشێکی سووری ئاڵیشی لەسەر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.

9«قوماشێک لە ڕیسی مۆر دەبەن و چرادانەکەی ڕووناکی و چراکانی و مەقاش و مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکانی زەیتەکەی کە خزمەتی پێ دەکەن دادەپۆشن. 10لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکەی دەیخەنە ناو پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.

11«لەسەر قوربانگا زێڕینەکەش قوماشێکی ڕیسی مۆر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دایدەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.

12«هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن کە خزمەتی پێ دەکەن لە پیرۆزگا دەیبەن و لەناو قوماشێکی ڕیسی مۆر دایدەنێن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.

13«خۆڵەمێشی قوربانگا بڕۆنزییەکەش هەڵدەگرن و قوماشێکی ئەرخەوانی لەسەر ڕادەخەن. 14هەموو قاپوقاچاغەکانی کە لە قوربانگاکە بۆ خزمەت بەکاریدەهێنن دەیخەنە سەری، مەقەڵییەکان، چەنگاڵەکان، خاکەنازەکان و تاسەکان4‏:14 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏.‏، هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکە، پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریاشی بەسەردا ڕادەخەن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.

15«کاتێک هارون و کوڕەکانی لە پۆشینی پیرۆزگاکە و هەموو قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە دەبنەوە، لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگاکە، ئینجا نەوەی قەهات بۆ هەڵگرتن دێن، بەڵام دەست لە شتە پیرۆزکراوەکان نادەن نەوەک بمرن، ئەوە بارهەڵگرتنی نەوەی قەهاتە لە چادری چاوپێکەوتن.

16«ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینیش سەرپەرشتی زەیتی ڕووناکی، بخوورە بۆنخۆشەکە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و زەیتی دەستنیشانکردن دەکات. هەروەها سەرپەرشتی هەموو چادرەکەی پەرستن دەکات، هەموو ئەوەی تێیدایە، بە شتومەکە پیرۆزەکانی و قاپوقاچاغەکانییەوە.»

17هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 18«خێڵەکانی قەهاتییەکان لەنێو لێڤییەکان دامەبڕن، 19بەڵکو ئەمەیان بۆ بکەن، جا دەژین و لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە شتە هەرەپیرۆزەکان نامرن، هارون و کوڕەکانی دەچنە ژوورەوەی پیرۆزگاکە و هەرکەسێک لەسەر خزمەتەکەی و بارەکەی دادەنێن. 20بەڵام بۆ ساتێک قەهاتییەکان ناچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی شتە پیرۆزکراوەکان ببینن نەوەک بمرن.»

گێرشۆنییەکان

21یەزدان بە موسای فەرموو: 22«سەرژمێری نەوەی گێرشۆنیش بکە بەگوێرەی بنەماڵە و خێڵەکانیان. 23لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی کە دێن بۆ ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت بکەن.

24«ئەمەش خزمەتی خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە لە خزمەت و لە بارهەڵگرتن، 25پڵاسەکانی چادرەکەی پەرستن و چادری چاوپێکەوتن و پۆشەرەکەی و پۆشەرە پێست مانگای دەریاکە کە لە سەرەوە لەسەریەتی و پەردەکەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەڵدەگرن. 26هەروەها پەردەکانی حەوشەکە، ئەوانەی لە دەوری چادری پەرستن و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوریدا، پەردەی دەروازەی حەوشەکە، لەگەڵ گوریسەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بۆ خزمەت بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەوەی بۆیان دیاری دەکرێت، گێرشۆنییەکان دەیکەن. 27هەموو خزمەتی نەوەی گێرشۆنییەکان چ لە بارهەڵگرتن یان هەر کارێکی دیکە بە سەرپەرشتی هارون و کوڕەکانی دەبێت، تۆش دیاریکردنی بەرپرسیاریێتی هەموو بارەکانی خۆیان پێ دەسپێریت، 28ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی گێرشۆنییەکانە لە چادری چاوپێکەوتن و ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین سەرپەرشتییان دەکات.

مەرارییەکان

29«نەوەی مەراری بەگوێرەی خێڵ و بنەماڵەکانیان تۆمار بکە. 30لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەت هەتا خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بکەن. 31بەرپرسیاریێتی خزمەتەکەشیان لە چادری چاوپێکەوتن، بریتییە لە هەڵگرتنی چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی، کۆڵەکەکانی، بناغەکانی، 32کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا، بناغەکانی، سنگەکانی و گوریسەکانی لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغ و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت. بە ناویش هەر پیاوێک دیاری بکە بۆ ئەو شتەی پێویستە هەڵیبگرێت. 33ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی مەرارییە، هەموو خزمەتەکەیان لە چادری چاوپێکەوتن بە سەرپەرشتی ئیتامار کوڕی هارونی کاهینە.»

تۆمارکردنی خێڵەکانی لێڤییەکان

34جا موسا و هارون و ڕابەرەکانی کۆمەڵ نەوەی قەهاتییەکانیان تۆمار کرد، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،

35لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن. 36جا تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان دوو هەزار و حەوت سەد و پەنجا کەس بوون. 37ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی قەهاتییەکان، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.

38تۆمارکراوەکانی نەوەی گێرشۆنیش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،

39لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن، 40تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان دوو هەزار و شەش سەد و سی کەس بوون. 41ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی گێرشۆن، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان تۆماریان کردن.

42تۆمارکراوان لە خێڵەکانی نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان

43لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتندا، 44تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان سێ هەزار و دوو سەد کەس بوون. 45ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی مەراری کە موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.

46هەموو تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان کە موسا و هارون و سەرکردەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 47لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ کاری خزمەت و کاری بارهەڵگرتن لە چادری چاوپێکەوتندا، 48تۆمارکراوان لێیان هەشت هەزار و پێنج سەد و هەشتا کەس بوون. 49بەپێی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا، هەرکەسێک بەگوێرەی خزمەتەکەی و بارهەڵگرتنەکەی تۆمارکرا.

بەم شێوەیە موسا تۆماری کردن وەک چۆن یەزدان فەرمانی پێ کرد.