سەرژمێری 36 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 36:1-13

میراتەکەی کچانی سەلۆفحاد

1گەورەی بنەماڵەکانی خێڵی نەوەی گلعادی کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە کە لە خێڵەکانی نەوەی یوسفن، هاتنە پێش و لەبەردەم موسا و بەردەم گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل دوان و 2گوتیان: «کاتێک یەزدان فەرمانی بە گەورەم کرد، کە خاکەکە بە میرات بە تیروپشک بداتە نەوەی ئیسرائیل، هەروەها فەرمانی پێ کردیت کە میراتەکەی سەلۆفحادی برامان بدەیتە کچەکانی. 3جا ئەگەر گریمان بوونە ژنی پیاوێک لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان لە میراتی باوکانمان دەبردرێت و دەخرێتە سەر میراتی ئەو هۆزە کە بۆ ئەوان بوون، جا بەشێک لە تیروپشکی میراتەکەمان دەبردرێت. 4کاتێک بووە ساڵی یۆبیل36‏:4 ساڵی یۆبیل: یۆبیل وشەیەکی عیبرییە بە واتای بەران دێت، ساڵی یۆبیل ساڵی ئازادکردنی کۆیلە و لێخۆشبوونە لە قەرز، لەو ساڵەدا کە فوو بە قۆچی بەران دەکەن وەک کەڕەنا ئیتر ئەوە ڕاگەیاندنە بۆ گەڕانەوەی هەموو ماڵوموڵکێک بۆ خاوەنەکەی خۆی. بڕوانە لێڤییەکان 25‏:8‏-55.‏ بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان دەچێتە سەر میراتی ئەو هۆزەی کە بۆیان بوون و لە میراتی هۆزی باوکانمان میراتیان دەبردرێت.»

5جا موسا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «هۆزی نەوەی یوسف ڕاستیان گوت. 6یەزدان فەرمانی ئەمەی کرد سەبارەت بە کچانی سەلۆفحاد و فەرمووی، ئەوەی ئەوان پێیان خۆشە با شووی پێ بکەن، بە مەرجێک لە خێڵی هۆزی باوکانیان بێت. 7میراتی نەوەی ئیسرائیل لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی هۆزی باوکانی دەبێت. 8هەر کچێکیش لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل میراتی وەرگرت، ئەوا دەبێتە ژنی یەکێک لە خێڵی هۆزی باوکی، هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە ببێتە میراتگری میراتی باوکانی. 9هیچ میراتێک لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی خۆی دەبێت.»

10وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، کچانی سەلۆفحاد ئاوایان کرد. 11مەحلە و تیرزە و حۆگلە و میلکە و نۆعا کە کچانی سەلۆفحادن بوونە ژنی ئامۆزاکانیان؛ 12بوونە ژن لە خێڵەکانی نەوەی مەنەشەی کوڕی یوسف، ئیتر میراتەکەیان لە خێڵ و هۆزی باوکانیان مایەوە.

13ئەمە ئەو فەرمان و ڕێسایانەیە کە یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد، بە دەستی موسا لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا.