سەرژمێری 34 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 34:1-29

سنوورەکانی کەنعان

1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە دەچنە ناو خاکی کەنعانەوە، ئەمە ئەو خاکەیە کە دەبێتە میراتتان، خاکی کەنعان بە سنوورەکانییەوە:

3«”لەلای باشووری ئێوە لە چۆڵەوانی چنەوە لەلای ئەدۆم دەبێت، سنووری باشوورتان لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەریای مردووەوە34‏:3 عیبری: دەریای خوێ.‏ دەستپێدەکات. 4هەروەها سنوورەکە لە باشووری هەورازی دووپشکەوە بۆتان دەسووڕێتەوە و بەردەوام دەبێت هەتا چن و لە باشووری قادێش بەرنێعەوە هەتا حەچەر ئەدار دەچێت و تێدەپەڕێت بۆ عەچمۆن، 5لە عەچمۆنیش دەسووڕێتەوە و دەگاتە دۆڵی میسر، کۆتاییەکەی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست34‏:5 لەلای دەریای سپی ناوەڕاستەوە: عیبری: لەلای دەریاوە.‏ دەبێت.

6بەڵام سنووری ڕۆژئاوا، ئەوا دەریای سپی ناوەڕاست34‏:6 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری: دەریای مەزن، لێرە و لە ئایەتی 7.‏ دەبێت. ئەمەیە سنووری ڕۆژئاواتان.

7بۆ دیاریکردنی سنووری باکوورتان، هێڵێک بکێشن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەتا کێوی هۆر، 8هەروەها لە کێوی هۆرەوە هەتا دەروازەی حەمات. پاشان سنوورەکە دەچێت بۆ چەداد، 9بەردەوام دەبێت بۆ زیفرۆن و کۆتاییەکەی لە حەچەر عێینان دەبێت. ئەمە دەبێتە سنووری باکوورتان.

10هەروەها سنوور بۆ خۆتان دەکێشن بۆ ڕۆژهەڵات، لە حەچەر عێینانەوە هەتا شەفام. 11لە شەفامەوە بەرەو خوارەوە دەچێت هەتا ڕیڤلە لە ڕۆژهەڵاتی عەین. ئینجا سنوورەکە بەرەو خوارەوە دەچێت لە بناری کێوەکانی دەریاچەی جەلیل34‏:11 دەریاچەی جەلیل: عیبری: دەریای کینەرەت. بڕوانە مەتا 4‏:18‏.‏ دەدات بەلای ڕۆژهەڵاتدا، 12پاشان سنوورەکە بە درێژایی کەناری ڕووباری ئوردون بەرەو خوارەوە دەچێت و کۆتاییەکەی لەلای دەریای مردوو دەبێت.

«”ئەم خاکە بە سنوورەکانی و چواردەوریشییەوە بۆ ئێوە دەبێت.“»

13موساش فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە تیروپشک میراتگری دەکەن، کە یەزدان فەرمانی دا بە نۆ هۆز و نیوەکە بدرێت، 14چونکە هۆزی نەوەی ڕەئوبێن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و هۆزی نەوەی گاد بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و نیوەی هۆزی مەنەشە میراتی خۆیان وەرگرت. 15دوو هۆز و نیوەکە میراتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگرت.»

16هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 17«ئەمە ناوی ئەو دوو پیاوەیە کە خاکەکەتان بۆ دابەش دەکەن، ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون، 18لە هەر هۆزێکیش ڕابەرێک دەبەن بۆ بەمیراتکردنی خاکەکە.

19«ئەمەش ناوی پیاوەکانە:

«کالێبی کوڕی یەفونە لە هۆزی یەهودا؛

20شەموئێلی کوڕی عەمیهود لە هۆزی نەوەی شیمۆن؛

21ئەلیدادی کوڕی کیسلۆن لە هۆزی بنیامین؛

22بوقی کوڕی یۆگلی، ڕابەر لە هۆزی نەوەی دان؛

23حەنیێلی کوڕی ئێفۆد، ڕابەر لە هۆزی نەوەی مەنەشە، کوڕی یوسف؛

24قەموئێلی کوڕی شیفتان، ڕابەر لە هۆزی نەوەی ئەفرایم، کوڕی یوسف؛

25ئەلیچافانی کوڕی پەرناخ، ڕابەر لە هۆزی نەوەی زەبولون؛

26پەلتیێلی کوڕی عەزان، ڕابەر لە هۆزی نەوەی یەساخار؛

27ئەحیهودی کوڕی شەلۆمی، ڕابەر لە هۆزی نەوەی ئاشێر؛

28پەدەهەئێلی کوڕی عەمیهود، ڕابەر لە هۆزی نەوەی نەفتالی.»

29ئەمانە ئەو کەسانەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردن، هەتا میراتگیری خاکی کەنعان بۆ نەوەی ئیسرائیل دابەش بکەن.