سەرژمێری 31 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 31:1-54

تۆڵە لە میدیانییەکان

1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2«بە تەواوی تۆڵە بۆ نەوەی ئیسرائیل لە میدیانییەکان بکەرەوە، ئینجا دەچیتە پاڵ گەلەکەت.»

3موساش بە گەلی گوت: «لەنێو خۆتان هەندێک پیاو چەکدار بکەن بۆ جەنگ، هەتا بچنە سەر میدیان و تۆڵەی یەزدان لە میدیان بکەنەوە، 4لە هەر هۆزێک هەزار کەس لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ جەنگ دەنێرن.» 5ئینجا لە خێڵەکانی ئیسرائیلدا لە هەر هۆزێک هەزار کەس هەڵبژێردرا، دوازدە هەزار کەس بۆ جەنگ چەکدار کران. 6ئینجا موسا ناردنی بۆ جەنگ، لە هەر هۆزێک هەزار، لەگەڵ فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین، قاپوقاچاغی پیرۆزگا و کەڕەناکانی هوتافیشی بەدەستەوە بوو.

7ئەوان لە دژی میدیانییەکان جەنگان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، هەموو نێرینەیەکیان کوشت. 8پاشاکانی میدیانیشیان لەگەڵ کوژراوەکانیاندا کوشت، ئاڤی و ڕاقەم و چوور و حوور و ڕێڤەع، پێنج پاشای میدیان، بەلعامی کوڕی بەعۆریشیان بە شمشێر کوشت. 9هەروەها نەوەی ئیسرائیل ژن و منداڵی میدیانیان ڕاپێچ کرد و هەموو ئاژەڵ و مەڕ و مانگا و هەموو موڵکیانیان تاڵان کردن. 10هەموو ئەو شارۆچکانەش کە میدیانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون و خێوەتگاکانیان سووتاند. 11لە دەستکەوت و تاڵانییەکەش لە مرۆڤ و ئاژەڵ هەموویان برد. 12ئینجا بە ڕاپێچکراوان و تاڵان و دەستکەوتەوە هاتنە لای موسا و ئەلعازاری کاهین، کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە ئۆردوگاکە لە دەشتی مۆئاب کە لەسەر ڕووباری ئوردون بوو بەرامبەر ئەریحا.

13موسا و ئەلعازاری کاهین و هەموو ڕابەرانی کۆمەڵ بۆ پێشوازییان چوونە دەرەوەی ئۆردوگاکە. 14بەڵام موسا لە سەرکردەکانی سوپا تووڕە بوو، کە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بوون و لە جەنگەوە هاتبوونەوە.

15موسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئافرەتێکتان بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟ 16ئەوانە بوون بە قسەی بەلعامیان کرد و بوونە هۆی ناپاکی نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزدان لە کێشەکەی پەعۆر، جا دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان بڵاو بووەوە. 17ئێستاش هەموو منداڵە نێرینەکان بکوژن لەگەڵ هەر ژنێک کە لەگەڵ نێر سەرجێیی کردووە، 18بەڵام هەموو ئەو کچانەی لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردووە بۆ خۆتان بە زیندوویی بیانهێڵنەوە.

19«ئێوەش حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە چادر هەڵبدەن و خۆتان پاک بکەنەوە، هەرکەسێک یەکێکی کوشتووە یان دەستی لە کوژراوێک داوە، با لە ڕۆژی سێیەم و حەوتەم خۆی پاک بکاتەوە، ئێوە و ڕاپێچکراوانتان. 20هەروەها هەر بەرگێک یان شتێک لە پێست یان لە مووی بزن دروستکرابێت و هەر شتێک لە دار دروستکرابێت، پاکی دەکەنەوە.»

21ئەلعازاری کاهینیش بە پیاوانی سوپاکەی گوت کە چووبوون بۆ جەنگ: «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، 22زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و تەنەکە و قورقوشم، 23هەموو ئەو شتانەی بەرگەی ئاگر دەگرێت، بەناو ئاگردا تێپەڕی دەکەن و پاشان بە ئاوی پاککردنەوە خاوێن دەبێتەوە. هەموو ئەو شتانەش کە بەرگەی ئاگر ناگرێت، ئەوا بەناو ئاودا تێپەڕی دەکەن. 24لە ڕۆژی حەوتەمیش جلەکانتان دەشۆن و ئێوە پاک دەبنەوە، ئینجا دێنەوە ناو ئۆردوگاکە.»

دابەشکردنی تاڵان

25هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 26«تۆ و ئەلعازاری کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی کۆمەڵ تاڵانە ڕاپێچکراوەکە لە خەڵک و لە ئاژەڵ بژمێرن. 27تاڵانییەکە بە یەکسانی دابەش بکە لەنێوان ئەو سەربازانەی کە لە جەنگ بەشداریان کرد و هەروەها هەموو کۆمەڵ. 28بەشی یەزدانیش دەربهێنە لە بەشی ئەوانەی بەشدارییان لە جەنگ کردووە، یەک لە پێنج سەدی خەڵک و گاوگۆتاڵ31‏:28 گاوگۆتاڵ: بە واتای ئاژەڵی بچووک و ئاژەڵی گەورە دێت.‏ و گوێدرێژ. 29لە نیوەکەی ئەوان وەریدەگرن و دەیدەنە ئەلعازاری کاهین، بەخشینی بەرزکراوەیە بۆ یەزدان. 30لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیلیش یەک لە پەنجا لە خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ و مەڕ یان لە هەر ئاژەڵێکی دیکە دەبەیت و دەیدەیتە لێڤییەکان کە بەرپرسیارن لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان.» 31جا موسا و ئەلعازاری کاهین وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد.

32کۆی تاڵانییەکەش کە دەستکەوتی پیاوانی سوپاکە بوو، شەش سەد و حەفتا و پێنج هەزار مەڕ و 33حەفتا و دوو هەزار مانگا و 34شەست و یەک هەزار گوێدرێژ بوون، 35لە مرۆڤیش لەو ئافرەتانەی کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو سی و دوو هەزار کەس بوون.

36جا نیوەکەی کە بەشی ئەوانە بوو بۆ جەنگ چووبوون:

سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، 37بەشی یەزدانیش لە مەڕەکان شەش سەد و حەفتا و پێنج بوو،

38مانگاکانیش سی و شەش هەزار بوو و بەشی یەزدانیش حەفتا و دوو بوو،

39گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، بەشی یەزدانیش شەست و یەک بوو.

40مرۆڤیش شازدە هەزار بوو، بەشی یەزدانیش سی و دوو بوو.

41جا بەشەکە کە بەخشینی بەرزکراوە بوو بۆ یەزدان، موسا دایە ئەلعازاری کاهین، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

42بەڵام نیوەکەی ئیسرائیل کە موسا لە پیاوانی سوپاکەی جیا کردبووەوە، 43نیوەکەی کۆمەڵ سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، 44مانگاش سی و شەش هەزار بوو، 45گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، 46لە مرۆڤیش شازدە هەزار بوو. 47جا موسا لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیل یەک لە پەنجای خەڵک و ئاژەڵی برد و دایە لێڤییەکان کە بەرپرسیار بوون لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

48ئینجا سەرکردەی یەکەکانی سوپاکە هاتنە پێش بۆ لای موسا، فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، 49بە موسایان گوت: «ئێمەی خزمەتکارانت ژمارەی ئەو پیاوانەی جەنگمان وەرگرت کە لەژێر فەرمانمان بوون و کەسمان لەدەست نەداوە. 50ئەوەتا قوربانی یەزدانمان پێشکەش کرد، هەریەکە هەرچی کەلوپەلی زێڕی دەست کەوتووە لە خڕخاڵ و بازن و ئەنگوستیلە و گوارە و ملوانکە، بۆ کەفارەتکردن بۆمان لەبەردەم یەزدان.»

51جا موسا و ئەلعازاری کاهین هەموو کەلوپەلێکی لە زێڕ دروستکراویان لێ وەرگرتن. 52هەموو زێڕەکەی بەخشینی بەرزکراوە کە لەلایەن فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بۆ یەزدان بەرز کرایەوە، شازدە هەزار و حەوت سەد و پەنجا شاقل بوو. 53بەڵام پیاوانی سوپاکە ئەوەی دەستیان کەوتبوو بۆ خۆیان بوو. 54جا موسا و ئەلعازاری کاهین زێڕەکەیان لە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان وەرگرت و هێنایانە ناو چادری چاوپێکەوتنەوە، وەک یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان.