سەرژمێری 25 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 25:1-18

مۆئاب کوڕانی ئیسرائیل هەڵدەخەڵەتێنێت

1کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب، 2ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد. 3ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە25‏:3 ‏بەعلی پەعۆر: ناوێکی مۆئابییە بۆ ئەو خوداوەندەی لە کێوی پەعۆر دەیانپەرست.‏، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.

4یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»

5موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»

6لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و کچێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان. 7کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک، 8بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و کچەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە. 9بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.

10هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 11«فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل ڕەواندەوە. لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان بەو جۆرەی کە من بۆ شکۆمەندی خۆم دڵگەرمم، نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد. 12لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم. 13بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»

14ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ کچە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان، 15ناوی کچە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.

16یەزدان بە موسای فەرموو: 17«تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن، 18چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»