سەرژمێری 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 24:1-25

1کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد. 2کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری، 3ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر،

پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،

4پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،

ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،

ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:

5«ئەی یاقوب، چادرەکانت چەند جوانن،

ئەی ئیسرائیل، نشینگەکانت چەند خۆشن!

6«وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە،

وەک باخچەی کەناری ڕووبار،

وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی24‏:6 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک (سەباڕ)، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏ کە یەزدان چاندبێتی،

وەک ئورزی قەراغی ئاو،

7گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و

تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت.

«پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و

شانشینەکەی پایەدار دەبێت.

8«خودا لە میسر دەریهێنان،

وەک شاخی گای کێوییە بۆیان،

ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و

ئێسکیان تێکدەشکێنن و

بە تیرەکانیان دەیانبڕن.

9خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون،

وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟

«بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن،

نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»

10ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن، 11ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»

12بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون، 13”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“ 14ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»

چوارەم پەیامی بەلعام

15ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر،

پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،

16پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،

کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە،

ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،

ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:

17«دەیبینم، بەڵام ئێستا نا،

چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا.

ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و

داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت.

ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت،

کاسەسەری هەموو نەوەی شیت24‏:17 نەوەی شیت کوڕی ئادام، واتا گەلی مۆئاب.‏ تێکدەشکێنێت.

18ئەدۆم داگیر دەکرێت،

سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار،

بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.

19ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت،

بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»

پێنجەم پەیامی بەلعام

20ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو،

بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»

21ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی:

«نشینگەکەتان پتەوە و

هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،

22بەڵام ئەی قێنییەکان، ئێوە وێران دەبن،

کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»

23ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،

24لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە24‏:24 قوبرس و کەنارەکانی ڕۆژئاوای.‏ کەشتییەکان دێن و

ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات،

بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»

25ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.