سەرژمێری 23 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 23:1-30

یەکەم پەیامی بەلعام

1بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 2بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.

3ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.

4خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»

5یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»

6ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. 7ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا،

لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە،

گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم،

وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“

8چۆن نەفرەت بکەم

کە خودا نەفرەتی لێیان نەکردبێت،

چۆن جنێو بدەم

کە یەزدان جنێوی پێیان نەدابێت؟

9لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم،

لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم،

گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە،

خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.

10کێ خۆڵی یاقوبی هەژمار کردووە،

کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟

با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و

کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»

11بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»

12ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»

دووەم پەیامی بەلعام

13ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.» 14جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.

15بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»

16یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»

17ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»

18ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«ئەی بالاق، هەستە و گوێ بگرە،

ئەی کوڕی چیپور، گوێم بۆ شل بکە،

19خودا مرۆڤ نییە کە درۆ بکات،

کوڕی مرۆڤیش نییە کە بڕیاری بگۆڕێت.

ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟

یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟

20فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم،

ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.

21«لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە،

لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە،

یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە،

هوتافی پاشا لەنێویاندایە.

22خودا لە میسر دەریهێنان،

ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.

23جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت،

فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە.

ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت،

”سەیر بکە خودا چی کردووە!“

24گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت،

وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە،

ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و

خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»

25ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»

26بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»

سێیەم پەیامی بەلعام

27بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.» 28ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.

29بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 30بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.