سەرژمێری 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 16:1-50

قۆرەح و داتان و ئەبیرام

1قۆرەحی کوڕی یەسهار کوڕی قەهات کوڕی لێڤی و داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب و ئۆنی کوڕی پەلەت لە نەوەی ڕەئوبێن 2لە دژی موسا هەستانەوە. چەند کەسێکیش لە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵیان بوون، دوو سەد و پەنجا کەس لە ڕابەرەکانی کۆمەڵ لە ئەنجومەن هەڵبژێردرابوون، کە زۆر ناسراو بوون، 3جا لەسەر موسا و هارون کۆبوونەوە و پێیان گوتن: «ئێوە زیادەڕۆییتان کردووە! هەموو کۆمەڵ پیرۆزن و یەزدانیش لەنێوانیاندایە، ئیتر بۆچی خۆتان لەسەر کۆمەڵی یەزدان بەرز دەکەنەوە؟»

4جا موسا گوێی لێبوو و بەسەر ڕوودا کەوت. 5ئینجا بە قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «بەیانی یەزدان پیشانی دەدات کێ بۆ ئەوە و کێ پیرۆزە تاکو لە خۆی نزیکی بکاتەوە، جا هەرکەسێک هەڵبژێرێت ئەو لە خۆی نزیک دەکاتەوە. 6ئەمە بکەن، بخووردان بۆ خۆتان ببەن، قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی، 7بەیانی ئاگری لەناو دابنێن و لەبەردەم یەزدان بخووری بەسەردا بکەن، جا ئەو پیاوەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت ئەو پیرۆزە، ئیتر ئەی نەوەی لێڤی ئەمەتان بەس بێت!»

8هەروەها موسا بە قۆرەحی گوت: «ئەی نەوەی لێڤی گوێ بگرن، 9ئایا بە کەمی دەزانن کە خودای ئیسرائیل لەنێو کۆمەڵی ئیسرائیل جیای کردنەوە بۆ ئەوەی لە خۆی نزیکتان بکاتەوە، تاکو خزمەتی چادری پەرستنی یەزدان بکەن و لەبەردەم کۆمەڵ بوەستن بۆ خزمەتکردنی؟ 10جا تۆ و هەموو براکانت لە نەوەی لێڤی لە خۆی نزیک کردەوە و داوای کاهینیێتیش دەکەن؟ 11کەواتە تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەسەر دژایەتیکردنی یەزدان ڕێک کەوتوون، بەڵام هارون کێیە هەتا بۆڵەبۆڵی لەسەر بکەن؟»

12جا موسا ناردی هەتا بانگی داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب بکەن، بەڵام ئەوان گوتیان: «نایەین! 13ئایا ئەمە بەس نییە کە تۆ لە خاکێک دەرتهێناین کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت هەتا لە چۆڵەوانی بمانمرێنیت و ئێستاش خۆت بکەیت بە میر بەسەرمانەوە، 14هەروەها ئێمەت نەهێناوەتە خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت و کێڵگە و ڕەزت بە میرات پێنەداین. ئایا چاوی ئەو کەسانە دەردەهێنیت؟16‏:14 دەربڕینێکە بە واتای ئەوەی «ئایا ئەو خەڵکە هەڵدەخەڵەتێنی؟»‏ ئێمە نایەین!»

15جا موسا زۆر تووڕە بوو و بە یەزدانی گوت: «ئاوڕ لە قوربانییەکەیان مەدەوە. نە گوێدرێژێکم لێ بردوون و نە خراپەم لەگەڵ کەسیان کردووە.»

16ئینجا موسا بە قۆرەحی گوت: «بەیانی تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەبەردەم یەزدان بن، تۆ و ئەوان و هارونیش. 17هەریەکە بخووردانەکەی ببات و بخووری تێبکات و لەبەردەم یەزدان بخووردانەکەی پێشکەش بکات، دوو سەد و پەنجا بخووردان، تۆ و هارونیش هەریەکە و بخووردانی خۆتان.» 18جا هەریەکە بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێکرد و بخووریان بەسەردا کرد و لەگەڵ موسا و هارون لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان. 19قۆرەحیش هەموو کۆمەڵی لە دژی ئەوان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆکردەوە، جا شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو کۆمەڵ دەرکەوت. 20ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 21«خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.»

22بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟»

23جا یەزدان بە موسای فەرموو: 24«لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“»

25موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن، 26ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.» 27ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوورکەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان.

28ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی بۆ ئەوەی ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە. 29ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە. 30بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.»

31کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و 32زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان. 33جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون. 34هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن و گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!»

35ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد.

36ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 37«بە ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین بڵێ، با بخووردانەکان لەناو ئاگرەکە هەڵبگرێت و پاشماوەی ئاگرەکە لە دوور و بە فراوانی بڵاو بکاتەوە، 38چونکە بخووردانەکانی ئەوانەی لە دژی نرخی ژیانی خۆیان گوناهبارن پیرۆزکراون. با بخووردانەکان بکوتن و بیکەنە چەند پلێتێک و قوربانگاکەی پێ دابپۆشرێت، چونکە لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان کرد و پیرۆز بوو. با نەوەی ئیسرائیل پەند لەمە وەربگرن.»

39ئینجا ئەلعازاری کاهین بخووردانە بڕۆنزییەکانی برد کە ئەوانەی سووتێنرابوون پێشکەشیان کردبوو و کوتایان و کردیانە پۆشەر بۆ قوربانگاکە، 40وەک یەزدان پێی فەرموو لەسەر دەستی موسا. ئەمە وەک بەبیرهێنانەوەیەک بوو بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەگەر پیاوێکی بێگانە کە لە نەوەی هارون نەبێت لەبەردەم یەزدان بۆ بخوور سووتاندن نزیک بکەوێتەوە، ئەوا وەک قۆرەح و کۆمەڵەکەی لێدێت.

41جا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بۆ بەیانی دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد لەسەر موسا و هارون و گوتیان: «ئێوە گەلی یەزدانتان کوشت.»

42کاتێک کۆمەڵ لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە ئەوان چوونە لای چادری چاوپێکەوتن، لەپڕ هەورێک دایپۆشی و شکۆمەندی یەزدان دەرکەوت. 43جا موسا و هارون هاتنە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 44یەزدانیش بە موسای فەرموو: 45«لەنێو ئەم کۆمەڵە بچنە دەرەوە، من بە ساتێک لەناویان دەبەم.» جا بەسەر ڕوویاندا کەوتن.

46ئینجا موسا بە هارونی گوت: «بخووردانەکە ببە و لەسەر قوربانگاکەوە ئاگری تێبکە، بخووری لەسەر دابنێ، بە خێرایی بیبە لای کۆمەڵ و کەفارەتیان بۆ بکە. لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدان جۆشاوە، وا دەردەکە دەستی پێکرد.» 47ئیتر هارون لەسەر قسەی موسا ڕایکرد بۆ ناو کۆمەڵ، بەڵام دەردەکە لەنێو گەلدا دەستی پێکردبوو، ئەویش بخوورەکەی پێشکەش کرد و کەفارەتی بۆ گەل کرد. 48هارون لەناوەندی مردووان و زیندوواندا ڕاوەستا، دەردەکەش وەستا، 49جا ئەوانەی بە دەردەکە مردن چواردە هەزار و حەوت سەد بوون، بێجگە لەوانەی بەهۆی قۆرەحەوە مردن. 50ئینجا هارون گەڕایەوە لای موسا بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، لەبەر ئەوەی دەردەکە وەستابوو.