سەرژمێری 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 13:1-33

سیخوڕی خاکی کەنعان

1ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 2«چەند پیاوێک بنێرە بۆ سیخوڕیکردن لە خاکی کەنعان کە من بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، لە هەر هۆزێک لە باوکانیان پیاوێک دەنێرن، هەر یەکێکیان سەرکردە بێت لەناویاندا.»

3بەپێی فەرمانی یەزدان موسا لە چۆڵەوانی پارانەوە ئەوانی نارد. هەموویان لە نەوەی ئیسرائیل ڕابەر بوون.

4ئەمەش ناوەکانیانە:

لە هۆزی ڕەئوبێن شەموعی کوڕی زەکور،

5لە هۆزی شیمۆن شافاتی کوڕی حۆری،

6لە هۆزی یەهودا کالێبی کوڕی یەفونە،

7لە هۆزی یەساخار یەگالی کوڕی یوسف،

8لە هۆزی ئەفرایم هۆشێیەعی کوڕی نون،

9لە هۆزی بنیامین پەلتیی کوڕی ڕافو،

10لە هۆزی زەبولون گەدیێلی کوڕی سۆدی،

11لە هۆزی یوسف، لە هۆزی مەنەشە گەدیی کوڕی سوسی،

12لە هۆزی دان عەمیێلی کوڕی گەمەلی،

13لە هۆزی ئاشێر سەتوری کوڕی میکائیل،

14لە هۆزی نەفتالی نەحبیی کوڕی ڤۆفسی،

15لە هۆزی گاد گوئێلی کوڕی ماکی.

16ئەوە ناوی ئەو پیاوانە بوو کە موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە. موساش هۆشێیەعی کوڕی نونی ناو نا یەشوع.

17جا موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکی کەنعان و پێی گوتن: «لێرەوە بەناو نەقەبدا13‏:17 ناوچەیەکی وشکە دەکەوێتە باشووری خاکی بەڵێندراو.‏ بڕۆن و بۆ ناوچە شاخاوییەکە سەربکەون و 18بڕوانن خاکەکە چۆنە، ئەو گەلەش تێیدا دەژیێت بە هێزە یان لاوازە؟ کەمن یان زۆرن؟ 19ئەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن چۆنە، باشە یان خراپە؟ ئەو شارۆچکانە چین کە تێیدا نیشتەجێن، خێوەتگان یان قەڵابەندن؟ 20هەروەها ئەو خاکە چۆنە، بەپیتە یان بێپیتە؟ داری لێیە یان نا؟ چاونەترس بن و هەندێک لە بەروبوومی خاکەکە بهێنن.» ئەو ڕۆژانەش ڕۆژانی یەکەم بەری ترێ بوو.

21ئەوانیش سەرکەوتن و سیخوڕی خاکەکەیان کرد، لە چۆڵەوانی چنەوە هەتا ڕەحۆڤ لە نزیک دەروازەی حەمات. 22بەناو نەقەبدا سەرکەوتن و هاتنە حەبرۆن. لەوێش ئەحیمەن و شێشەی و تەلمەی نەوەی عەناقی لێبوو، حەبرۆنیش پێش چۆعەنی میسر بە حەوت ساڵ بنیاد نرابوو. 23ئیتر هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و لەوێ لقێکیان بە هێشووە ترێیەکەوە لێکردەوە و بە دارێک هەڵیانگرت لەنێوان دووانیان و لەگەڵ هەندێک هەنار و هەنجیر. 24جا ئەو شوێنە ناونرا دۆڵی ئەشکۆل بەهۆی ئەو هێشووەی نەوەی ئیسرائیل لەوێ لێیان کردەوە. 25ئینجا لەدوای چل ڕۆژ لە سیخوڕیەتی خاکەکە هاتنەوە.

هەواڵ هێنانەوە

26سیخوڕەکان هاتنە لای موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی پاران، لە قادێش، هەواڵیان بۆ ئەوان و بۆ هەموو کۆمەڵ هێنایەوە و بەروبوومی خاکەکەیان پیشاندان. 27هەواڵیان پێیدا و گوتیان: «بۆ ئەو خاکە چووین کە تۆ ئێمەت بۆی نارد و بە ڕاستی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت! ئەمەش بەرەکەیەتی. 28بەڵام ئەو گەلەی لە خاکەکەدا نیشتەجێن بە هێزن و شارەکان قەڵابەند و زۆر مەزنن، هەروەها نەوەی عەناقیشمان لەوێ بینی. 29عەمالێقییەکان لە خاکی نەقەبدا نیشتەجێن، حیتی و یەبوسی و ئەمۆرییەکان لە ناوچە شاخاوییەکەدا نیشتەجێن، کەنعانییەکانیش لەلای دەریا و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون نیشتەجێن.»

30بەڵام کالێب گەلی بۆ موسا بێدەنگ کرد و گوتی: «با سەربکەوین و دەستی بەسەردا بگرین، چونکە توانامان بەسەریدا هەیە.»

31بەڵام ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا چووبوون، گوتیان: «ناتوانین سەربکەوین و دژایەتی ئەو گەلە بکەین، چونکە لە ئێمە بەهێزترن.» 32جا هەواڵێکی خراپیان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە سەبارەت بەو خاکەی سیخوڕیان تێدا کردبوو و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین، خاکێکە کە دانیشتووانەکەی قووت دەدات. هەموو ئەو گەلەی تێیدا بینیمان باڵا بەرز بوون. 33هەروەها لەوێ نەفیلیممان13‏:33 نەفیلیم: بڕوانە پەیدابوون 6‏:4‏.‏ بینی، نەوەی عەناق کە لە ڕەگەزی نەفیلیمن، لە چاوی خۆماندا وەک پێکوڕە وابووین، بە هەمان شێوەش لەچاو ئەوان.»