سەرژمێری 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

سەرژمێری 11:1-35

ئاگر لە یەزدانەوە

1گەل دەربارەی ناخۆشییان بۆڵەبۆڵیان کرد، گەیشتە لای یەزدان. یەزدان کە ئەمەی بیست پێی خراپ بوو، تووڕەیی جۆشا، ئیتر ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت و قەراغی ئۆردوگاکەی سووتاند. 2لەبەر ئەوە گەل هاواریان بۆ موسا کرد، موساش لە یەزدان پاڕایەوە و ئاگرەکە کوژایەوە. 3ئەو شوێنەش ناونرا تەبعیرە، چونکە ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت.

سوێسکە لە یەزدانەوە

4ئەو ئاژاوەگێڕانەی لەنێویان دەژیان ئارەزووی گۆشتیان دەکرد، جا نەوەی ئیسرائیلیش گەڕانەوە و گریان و گوتیان: «کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات. 5ئەو ماسیەی لە میسر بەخۆڕایی دەمانخوارد بەبیرمان هاتەوە، لەگەڵ خەیار و شووتی و کەوەر و پیاز و سیر. 6ئێستاش وا گیانمان وشک بوو، هیچ شتێک نییە و هەر چاومان لەسەر ئەو مەنەیە!»

7مەنیش وەک تۆوی گژنیژ وابوو، دیمەنی وەک دیمەنی سرێشی دار درەوشاوە بوو. 8گەلیش دەسووڕانەوە هەتا هەڵیبگرنەوە، ئینجا بە دەستاڕ دەیانهاڕی یان لە هاون دەیانکوتایەوە و لە مەنجەڵ لێیان دەنا و دەیانکردە کولێرە، تامەکەشی وەک تامی کولێرە برژاوی بە زەیت بوو. 9هەر کاتێک بە شەو شەونم بەسەر ئۆردوگاکەدا دەهاتە خوارەوە، ئەوا مەنیش لەگەڵیدا دەهاتە خوارەوە.

10کاتێک موسا گوێی لێبوو هەموو گەل دەگریێن، هەریەکە بەخۆی و بنەماڵەکەیەوە لەبەر دەروازەی چادرەکەی ڕاوەستاوە، تووڕەیی یەزدان زۆر زیادی کرد، موسا بەمە دڵگران بوو. 11جا موسا بە یەزدانی گوت: «بۆچی لەگەڵ خزمەتکارەکەت خراپ بوویت؟ بۆچی لەلات پەسەند نەبووم، تەنانەت باری هەموو ئەم گەلەت خستە سەر من؟ 12ئایا سکم بەم هەموو خەڵکە پڕ بووە یان لە منەوە لەدایک بوونە؟ بۆچی پێم دەڵێی بە باوەش هەڵیانبگرە، هەروەک چۆن دایەن منداڵی ساوا هەڵدەگرێت، بیانبە ئەو خاکەی سوێندت بۆ باوانیان خوارد؟ 13گۆشتم لەکوێ بوو تاکو بە هەموو ئەم گەلەی بدەم؟ بەسەرمەوە دەگرین و دەڵێن: ”گۆشتمان بدەرێ بیخۆین!“ 14من بە تەنها ناتوانم هەموو ئەم گەلە هەڵبگرم، چونکە بۆ من گرانە. 15جا ئەگەر وام پێدەکەیت، بمکوژە ئەگەر لەلات پەسەندم، با تووشی بەڵای خۆم نەبم.»

16یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لە پیرانی ئیسرائیل حەفتا پیاوم بۆ کۆبکەرەوە، ئەوانەی دەزانیت کە ڕیش سپی و کوێخای گەلن و بیانهێنە لای چادری چاوپێکەوتن و با لەوێ لەگەڵتدا ڕاوەستن. 17جا من دێمە خوارەوە و لەوێ لەگەڵتدا دەدوێم و لەو ڕۆحەی بەسەرتەوەیە دەبەم و دەیخەمە سەریان، جا لەگەڵتدا بارگرانی گەلەکە هەڵدەگرن، ئیتر تۆ بە تەنها هەڵیناگریت.

18«بە گەلیش دەڵێیت: ”بۆ بەیانی خۆتان تەرخان بکەن ئینجا گۆشت دەخۆن، چونکە یەزدان گوێی لێبوو کە گریان و گوتتان، ’کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات؟ لە میسر حاڵمان خۆشتر بوو!‘ ئێستا یەزدان گۆشتتان دەداتێ و دەیخۆن. 19نە ڕۆژێک، نە دوو ڕۆژ، نە پێنج ڕۆژ، نە دە ڕۆژ و نە بیست ڕۆژ، 20بەڵکو ماوەی مانگێکی تەواو دەیخۆن، هەتا لە کونی لووتتان دێتە دەرەوە و ڕقتان لێی دەبێتەوە، چونکە یەزدانتان ڕەتکردەوە کە لەنێوتاندایە و لەبەردەمیدا گریان و گوتتان: ’بۆچی ئەمەمان کرد و لە میسر هاتینە دەرەوە؟‘ “»

21بەڵام موسا گوتی: «ئەو گەلەی من لەنێویانم شەش سەد هەزار پیادەیە، تۆش فەرمووت: ”گۆشتیان دەدەمێ لێی بخۆن بۆ ماوەی مانگێک!“ 22ئایا مەڕ و مانگایان بۆ سەردەبڕدرێت هەتا بەشیان بکات، یان هەموو ماسی دەریایان بۆ کۆدەکرێتەوە هەتا بەشیان بکات؟»

23یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئایا یەزدان بێ دەسەڵاتە؟ ئێستا دەبینیت ئاخۆ قسەکانم دێتە دی یان نا.»

24موساش چووە دەرەوە و بە فەرموودەی یەزدان لەگەڵ گەلدا دوا. حەفتا پیاوی لە پیرانی گەل کۆکردەوە، لە دەوروبەری چادرەکە ڕایگرتن. 25یەزدانیش لە هەوردا هاتە خوارەوە و لەگەڵیدا دوا و لەو ڕۆحە پیرۆزەی کە لەسەری بوو بردی و خستییە سەر حەفتا ڕیش سپییەکە. کاتێک ڕۆحەکە هاتە سەریان ئیتر پەیامی خودایان ڕاگەیاند، بەڵام یەک جار و زیاتر نا.

26دوو پیاویش لە ئۆردوگاکە مانەوە، ناوی یەکێکیان ئەلداد و ناوی ئەوەی دیکە میداد بوو، ڕۆحی خودا لەسەریان نیشتەوە، ئەوانیش لە ڕیش سپییەکان بوون، بەڵام نەچووبوونە لای چادرەکە، جا لە ئۆردوگاکە پەیامی خودایان ڕاگەیاند، 27لاوێکیش ڕایکرد و هەواڵی دایە موسا و گوتی: «ئەلداد و میداد لە ئۆردوگاکە پەیامی خودا ڕادەگەیەنن!»

28یەشوعی کوڕی نونیش کە لە گەنجیێتیەوە خزمەتکاری موسا بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «موسای گەورەم ڕێیان لێ بگرە!»

29موساش پێی گوت: «ئایا لە جیاتی من ئیرەیی دەبەیت؟ خۆزگە هەموو گەلی یەزدان پێغەمبەر بوونایە، کە یەزدان ڕۆحی خۆی دەخستە سەریان!» 30ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە.

31بایەکیش لەلایەن یەزدانەوە هەڵیکرد و سوێسکەی11‏:31 سوێسکە: باڵندەیەکی بچووکە، لە شێوەی کەودایە، بە پۆلی گەورە کۆچ دەکەن، لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و لەو کاتەدا خەڵکی تۆڕیان بەکاردەهێنا بۆ گرتنیان. بڕوانە دەرچوون 16‏:13‏.‏ لە دەریاوە هێنا بۆ ئۆردوگاکە. بۆ ماوەی ڕۆژە ڕێیەک لەم لا و ڕۆژە ڕێیەک لەو لا لە چواردەوری ئۆردوگاکە و بە بەرزی دوو باڵ11‏:31 دوو باڵ: نزیکەی یەک مەتر.‏ لەسەر ڕووی زەوییەوە بڵاوی کردنەوە. 32گەلیش هەستان و بە درێژایی ئەو ڕۆژە و بە درێژایی شەو و ڕۆژی دواتریش سوێسکەیان کۆکردەوە، کەمترینیان دە حۆمەری11‏:32 حۆمەر: باری گوێدرێژ. دە حۆمەر: دەشێت 6‏،1 تەنی سوێسکە بێت.‏ کۆکردەوە و بۆ خۆیان بە چواردەوری ئۆردوگاکە ڕایانخست. 33لەو کاتەشدا کە هێشتا گۆشت لەژێر ددانەکانیان بوو پێش ئەوەی بیجوون، تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلدا جۆشا و یەزدان گەلی تووشی دەردێکی گران کرد، 34جا ئەو شوێنە ناونرا قیبرۆت هەتەڤا11‏:34 بە واتای گۆڕستانی نەوسنان.‏، چونکە لەوێ ئەو خەڵکانەیان ناشت کە نەوسیان هەستا.

35لە قیبرۆت هەتەڤاشەوە گەل بۆ حەچێرۆت بەڕێکەوتن، جا لەوێ چادریان هەڵدا.