زەکەریا 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەکەریا 3:1-10

بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین

1ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستابوو تاکو تۆمەتباری بکات. 2یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»

3یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو. 4فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»

ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»

5منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.

6ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد: 7«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.

8«”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە. 9تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

10«”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»