زەکەریا 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەکەریا 13:1-9

پاکبوونەوە لە گوناه

1«لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»

2یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو13‏:2 ڕۆحی پیسی هاندەر بۆ ئەنجامدانی کاری گڵاو.‏ لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.

4«ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 6ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“

لێدان لە شوانەکە

7«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:

ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،

لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!

لە شوانەکە بدە،

مەڕەکان پەرت دەبن،

پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»

8یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،

دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،

یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.

9ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،

وەک زیو دەیانپاڵێوم،

وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.

ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و

منیش وەڵامیان دەدەمەوە،

من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“

ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“»