زەبوورەکان 96 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 96:1-13

زەبووری 96

1گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ،

گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.

2گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن،

ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.

3لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،

لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

4یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،

سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،

5چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،

بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.

6شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،

هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.

7ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،

ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.

8ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،

دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.

9کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە،

ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.

10لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!

جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت،

بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»

11با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،

با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،

12با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.

ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،

13لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت،

دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،

دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی،

گەلانیش بە دڵسۆزی.