زەبوورەکان 94 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 94:1-23

زەبووری 94

1ئەی یەزدان، خودای تۆڵە،

ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.

2ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە،

سزای لووتبەرزەکان بدەوە.

3ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران،

هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟

4بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت،

شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.

5ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن،

میراتی تۆ دەچەوسێننەوە.

6بێوەژن و نامۆ دەکوژن،

هەتیو سەردەبڕن.

7دەڵێن: «یەزدان نابینێت،

خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»

8ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن!

ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟

9ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟

ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟

10ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟

ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟

11یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت،

کە پووچە.

12ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت،

لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت،

13لە ڕۆژی سەختدا ئارامی بکەیتەوە،

هەتا گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت،

14چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ،

میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.

15دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە،

هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.

16کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟

کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟

17یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو

گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.

18کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،»

ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.

19کە خەم لە ناخم زۆر بوو،

دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.

20ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت،

ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟

21لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە،

خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.

22بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا،

خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.

23ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و

لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات،

یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.