زەبوورەکان 91 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 91:1-16

زەبووری 91

1ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشێت،

ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بەتوانا دەمێنێتەوە،

2بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،

خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»

3بێگومان لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات،

لە دەرد و بەڵای کوشندە.

4بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت،

لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و

دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.

5نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و

نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،

6نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت،

نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.

7هەزار کەس لەتەنیشتت بەردەبنەوە،

دە هەزار لەلای دەستی ڕاستت،

بەڵام لە تۆ نزیک ناکەوێتەوە.

8بەڵکو تەنها بە چاوی خۆت سەیر دەکەیت و

سزای بەدکاران دەبینیت.

9ئەگەر یەزدانت کرد بە پەناگات،

هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،

10هیچ خراپەت بەسەرنایەت و

هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.

11لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،

بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،

12لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،

تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.

13پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت،

بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.

14یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،

دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت91‏:14 عیبری: (ناوی من دەناسێت) بە واتای ناسینی خودا و کەسایەتییەکەی.‏.

15نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،

لە تەنگانە لەگەڵیدام،

دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.

16بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،

ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»