زەبوورەکان 86 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 86:1-17

زەبووری 86

نوێژێکی داود.

1ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،

من هەژار و نەدارم.

2ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،

تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،

ئەوەی پشتی پێت بەستووە.

3ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،

بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.

4گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،

ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.

5ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،

پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.

6ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،

گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.

7لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،

چونکە بە هاوارمەوە دێیت.

8ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟

کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟

9ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،

دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و

ناوت شکۆدار دەکەن،

10چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،

هەر تەنها تۆ خودایت.

11ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،

بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،

دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.

12ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،

هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،

13چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،

گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.

14ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،

تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،

تۆ لەبەرچاو ناگرن.

15بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،

پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیی.

16ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،

هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و

کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.

17نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،

بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،

ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.