زەبوورەکان 81 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 81:1-16

زەبووری 81

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت81‏:0 دەستەواژەیەکی بواری مۆسیقایە.‏. بۆ ئاساف.

1هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،

بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.

2ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،

سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.

3لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و

لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان،

4چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،

حوکمی خودای یاقوبە.

5لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،

کە لە خاکی میسر دەریهێنا.

گوێمان لە دەنگێک بوو بە زمانێک کە لێی تێنەگەیشتین:

6«بارم لەسەر شانەکانی لادا،

دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.

7لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،

لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،

لە مێرگی مەریبا81‏:7 کانییەکە نزیک ڕفیدیم لە بەردێکەوە هەڵقوڵا، کاتێک موسا بە فەرمانی خودا لە بەردەکەی دا.‏ تاقیم کردیتەوە.81‏:7 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

8ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.

ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!

9لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،

کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.

10من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،

کە لە خاکی میسر دەرمهێنای،

دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.

11«بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،

ئیسرائیل منی نەویست.

12منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،

بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

13«خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،

ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،

14هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،

دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!

15ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،

هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.

16باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،

لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»