زەبوورەکان 77 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 77:1-20

زەبووری 77

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

1دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،

دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە بۆ ئەوەی گوێی لێم بێت.

2لە ڕۆژی تەنگانەم ڕوو لە پەروەردگار دەکەم،

بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.

گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

3بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،

ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.77‏:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 9 و 15، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

4پێڵووی چاوەکانمت گرت،

شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.

5بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،

ساڵانی ڕابردوو.

6شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،

ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:

7«ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەتمان دەکاتەوە؟

چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟

8ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟

ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟

9ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟

یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»

10ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:

دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»

11کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،

بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.

12لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و

بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.

چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟

14تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و

هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.

15بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،

نەوەی یاقوب و یوسف.

16ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،

کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،

بگرە قووڵاییەکان هەژان.

17هەورەکان ئاویان ڕشت،

هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،

هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.

18گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،

بروسکەکان دنیایان ڕووناک کردەوە،

زەوی لەرزی و هەژا.

19ڕێگات بە ناو دەریادایە،

ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،

شوێن پێیەکانت نەزانران.

20لەسەر دەستی موسا و هارون،

وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.