زەبوورەکان 74 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 74:1-23

زەبووری 74

هۆنراوەیەکی ئاساف.

1ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟

بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟

2کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە،

هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە،

ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.

3هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی،

هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.

4ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان،

ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.

5لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە،

لەسەر داری دارستانەکان.

6بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند،

هەموو نەخشێنراوەکان.

7ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا،

ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.

8لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!»

هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.

9پەرجووەکانمان74‏:9 پەرجوو: موعجیزە.‏ نابینین و

هیچ پێغەمبەرێک نەماوە،

کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.

10ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟

ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟

11بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟

دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!

12بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی،

دروستکەری ڕزگاریت لە ناوەڕاستی زەوی.

13تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد،

سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.

14تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت74‏:14 جۆرە ئەژدیهایەکە، بڕوانە ئەیوب 41‏:1‏.‏ وردوخاش کرد،

کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.

15تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە،

تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.

16ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە،

تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.

17هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون،

تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.

18ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد،

گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.

19گیانی کۆترەکەت74‏:19 مەبەستی لە گەلی ئیسرائیلە، بڕوانە هۆشەع 7‏:11‏.‏ مەکە نێچیری دڕندەکان،

هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.

20پەیمانی خۆت لەبیر بێت،

چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.

21ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە.

با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.

22ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە!

لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.

23قسەی دژەکانت لەبیر مەکە،

ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.