زەبوورەکان 73 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 73:1-28

کۆکراوەی بەشی سێیەم

زەبوورەکانی 73‏–89

زەبووری 73

زەبوورێکی ئاساف.

1بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل،

بۆ دڵپاکەکان.

2بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و

زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،

3چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد،

کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.

4ترسیان لە مردن نییە،

جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.

5لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن،

وەک خەڵکی تێناکەون.

6بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و

بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.

7خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت،

لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.

8گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن،

بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.

9ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە،

زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.

10بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و

باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن73‏:10 عیبری: ئاو بە زۆری دەخۆنەوە.‏.

11دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟

ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»

12ئەوەتا ئەمانە بەدکارن،

هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.

13بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە،

دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.

14بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو،

هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.

15ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد،

ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.

16کاتێک ویستم لەمە تێبگەم،

بە ئەرکێکی سەختم بینی،

17هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا،

ئەوسا لە چارەنووسیان تێگەیشتم.

18بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون،

تووشی وێرانیت کردوون.

19چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون،

لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!

20ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە،

لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.

21کاتێک دڵم تەنگ بوو،

وەک شمشێر هەناومی بڕی،

22گێل و نەزان بووم،

لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.

23لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم،

دەستی ڕاستی منت گرت.

24بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت،

پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.

25بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟

ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.

26جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت،

بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.

27ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن،

ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.

28بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە،

یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام،

هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.