زەبوورەکان 72 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 72:1-20

زەبووری 72

بۆ سلێمان.

1ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،

ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.

2با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،

بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

3با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،

گردەکان ڕاستودروستی.

4با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،

کوڕی نەداران ڕزگار بکات،

زۆرداران وردوخاش بکات.

5با وەک خۆر بمێنێت،

وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.

6وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،

وەک هەور زەوی ئاو بدات،

7ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،

ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

8لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،

لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.

9بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و

ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.

10پاشاکانی تەرشیش72‏:10 تەرشیش: دوایین سنووری ڕۆژئاوای جیهان بووە کە ئەو سەردەمە مرۆڤ پێی زانیبێت.‏ و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،

پاشاکانی شەبا و سەبا72‏:10 ناوی هۆز و شوێنە، دەکەونە یەمەن و هەندێکیان کۆچیان کردووە بۆ ئەسیوپیا. خەڵکەکەی بە بازرگانی بەناوبانگ بوون.‏ دیاری بۆ دێنن.

11هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و

هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

12لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات،

چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.

13بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،

گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،

14گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،

خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

15تەمەن درێژ بێت!

با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،

با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،

با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.

16با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،

لەسەر لووتکەی گردەکان،

بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،

با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.

17با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،

هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.

هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،

هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.

18ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،

بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.

19هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،

با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.

ئامین و ئامین.

20لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.