زەبوورەکان 71 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 71:1-24

زەبووری 71

1ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،

با هەرگیز شەرمەزار نەبم،

2بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.

گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.

3بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،

هەمیشە پەنای بۆ ببەم.

فەرمانی ڕزگاریی من بدە،

چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.

4ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،

لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.

5ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت،

لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.

6لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،

تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،

ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.

7بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،

بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.

8دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،

لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.

9لە کاتی پیری فڕێممەدە،

کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە،

10چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،

ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.

11دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،

ڕاوی بنێن و بیگرن،

چونکە دەربازکەری نییە.»

12خودایە، لێم دوور مەکەوە،

ئەی خودای من، زوو بگە فریام.

13با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،

با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،

ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

14بەڵام من هەمیشە هیوادارم،

هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.

15دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات،

بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات،

هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.

16دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم،

تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.

17خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم،

هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

18خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم،

وازم لێ مەهێنە،

هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم،

هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.

19خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە،

کردارەکانت زۆر مەزنن.

ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟

20تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام،

بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە،

لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.

21مەزنێتیم زیاتر دەکەیت،

دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.

22ئەی خودای من،

لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم،

ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل،

بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.

23لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن،

کە گۆرانیت بۆ دەڵێم،

هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.

24زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات،

چونکە شەرمەزار و سووک بوون،

ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.