زەبوورەکان 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 7:1-17

زەبووری 7

لاواندنەوەی داود سەبارەت بە وتەکانی کوشی بنیامینی کە بە گۆرانی بۆ یەزدانی گوتووە.

1ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ،

لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،

2ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،

پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.

3ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە،

ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،

4ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،

یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،

5با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،

با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و

شکۆمەندیم بکەوێتە سەر خاک.7‏:5 لە دەقی عیبری وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

6ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،

لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.

ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.

7کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و

لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.

8با یەزدان دادوەری گەلان بکات.

ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،

بەگوێرەی دروستییەکەم.

9ئەی خودای ڕاستودروست،

کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،

خراپەی بەدکاران مەهێڵە،

بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.

10خودای هەرەبەرز قەڵغانی منە،

ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،

11خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،

هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.

12ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،

خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،

کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.

13چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،

تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.

14ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،

بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.

15چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،

بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو چاڵەی هەڵیکەندووە.

16ئاژاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر خۆی و

توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.

17ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،

گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.