زەبوورەکان 68 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 68:1-35

زەبووری 68

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک.

1با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە!

با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!

2وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت،

وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر،

با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.

3بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن،

لە خۆشییان شاگەشکە بن.

4گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن،

ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە،

ناوی یەزدانە،

لەبەردەمی دڵشاد بن.

5باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان،

خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.

6خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات،

بەندکراوەکان ئازاد دەکات،

بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.

7ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد،

کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت،68‏:7 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 19 و 32، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

8زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد

لەبەردەم خودا، خودای سینا،

لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.

9ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند،

میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.

10کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن،

خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.

11پەروەردگار فەرمانی دا68‏:11 بەر لە دەستپێکردنی جەنگ خودا فەرمانی سەرکەوتنی دا.‏ و

کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن:

12«پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن!

ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن،

13تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن،

باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و

پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.»

14کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد،

وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن68‏:14 کێوێکی دارستاناوییە لە نزیک شەخەم. بڕوانە ڕابەران 9‏:48‏،49‏.‏.

15چیای باشان چیای خودایە،

چیای باشان چیای فرە لووتکەیە.

16ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە

کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت،

بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟

17گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە،

پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا.

18ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی،

دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد،

دیاریت لە خەڵک وەرگرت،

تەنانەت لە یاخییەکانیش،

ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.

19ستایش بۆ پەروەردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان،

ڕۆژ بە ڕۆژ بارمان هەڵدەگرێت.

20خودا بۆ ئێمە خودای ڕزگارییە،

لە مردن دەربازبوونیش لە یەزدانی پەروەردگارەوەیە.

21بێگومان خودا سەری ناحەزانی پان دەکاتەوە،

تەوقی سەری ئەوانەی بە ڕێگای گوناهدا دەڕۆن.

22پەروەردگار دەفەرموێ: «لە باشانەوە دوژمنانت دەهێنمەوە،

لە قووڵایی دەریاکانەوە دەیانهێنمەوە،

23بۆ ئەوەی پێت بە خوێنیان سوور بێت،

زمانی سەگەکانت بەشیان هەبێت لێیان.»

24ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،

کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.

25گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و ساز لێدەرەکان لە دواوە،

کچۆڵە دەف لێدەرەکان لە ناوەڕاستیان.

26لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،

ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.

27ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،

کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،

سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.

28ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،

ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.

29لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،

پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.

30سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،

ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،68‏:30 مەبەستی لە فیرعەون و سوپای نەتەوەکانی دیکەیە.‏

تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.

ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.

31باڵوێز لە میسرەوە دێن،

کوش68‏:31 وڵاتێکە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏ دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.

32ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،

مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،

33بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،

ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.

34با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،

ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،

ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.

35خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،

خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.

ستایش بۆ خودا!