زەبوورەکان 66 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 66:1-20

زەبووری 66

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک.

1ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!

2بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،

ستایشی شکۆدار بکەن!

3بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!

هێزت ئەوەندە گەورەیە،

دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.

4سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،

گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،

گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»66‏:4 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 15، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

5وەرن کردارەکانی خودا ببینن،

کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!

6دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،

ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.

با بە ئەو شادمان بین.

7بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،

چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،

با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.

8ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،

با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،

9کە گیانی ئێمەی بە زیندوویی پاراستووە و

نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.

10ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،

وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.

11ئێمەت خستووەتە داوەوە و

باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.

12تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،

بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،

بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.

13بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،

نەزرەکانم بەجێدەهێنم،

14ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،

لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.

15ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،

لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،

تەگە66‏:15 نێری، سابرێن.‏ و گات بۆ دەکەمە قوربانی.

16ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،

با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.

17بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،

ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.

18ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،

پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،

19بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،

گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.

20ستایش بۆ خودا،

کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و

نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.