زەبوورەکان 64 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 64:1-10

زەبووری 64

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە.

1ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە،

ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.

2لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە،

لە کۆمەڵی خراپەکاران.

3کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە،

قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە.

4لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن،

لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن.

5بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن،

دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن،

دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»

6تەگبیر بۆ تاوان دەکەن،

دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!»

بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.

7بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت،

لەناکاو برینداریان دەکات.

8زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان،

هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.

9هەموو ئادەمیزاد دەترسن،

کاری خودا ڕادەگەیەنن و

بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.

10با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و

پەنا ببەنە بەر ئەو،

با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!