زەبوورەکان 62 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 62:1-12

زەبووری 62

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون، زەبوورێکی داود.

1گیانم تەنها بە خودا ئارام دەبێت،

ڕزگاریشم لەلای ئەوەوە دێت.

2تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،

پەناگای منە، هەرگیز نالەقێم.

3هەتا کەی هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێک؟

ئایا هەمووتان وەک دیوارێکی لار تێکی دەدەن،

وەک شوورایەکی داڕووخاو؟

4تەنها پیلان بۆ ئەوە دەگێڕن

کە ئەو لەو پلەوپایەیە بخەن،

خۆشییان لە درۆوە دێت.

بە دەم داوای بەرەکەت دەکەن،

بەڵام لە دڵەوە نەفرەت.62‏:4 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 8، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

5ئەی گیانی من، تەنها بە خودا ئارام بە،

چونکە ئومێدی من لەلای ئەوەوە دێت.

6تەنها ئەو تاشەبەرد و ڕزگاریمە،

پەناگای منە، نالەقێم.

7ڕزگاری و شکۆمەندی من بە خوداوە بەندە،

تاشەبەردی بەهێزمە، پەناگای منە.

8هۆ خەڵکینە، هەموو کاتێک پشت بەو ببەستن،

دڵی خۆتانی لەبەردەم هەڵبڕێژن،

چونکە خودا پەناگای ئێمەیە.

9ئادەمیزاد تەنها هەناسەیەکە،

مرۆڤ تەنها درۆیەکە،

ئەگەر بخرێنە تای تەرازوو هیچ نین،

هەموو پێکەوە تەنها هەناسەیەکن.

10پشت بە زۆرداری مەبەستن،

پۆز بە ماڵی دزراوەوە لێمەدەن.

ئەگەر سامانتان زیادی کرد،

دڵی خۆتانی پێوە مەبەستن.

11جارێک خودا فەرموویەتی،

دوو جار بیستوومە62‏:11 شێوازێکی دەربڕینی ئەدەبیانەی عیبرییە، بە مەبەستی ئەوەی یەکەمیان گرنگە و دووەمیان لەو گرنگترە.‏:

کە هێز هەر هی خودایە،

12هەروەها کە خۆشەویستی نەگۆڕ هەر هی تۆیە، ئەی پەروەردگار.

بێگومان تۆش، هەرکەسێک

بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت دەدەیتەوە.