زەبوورەکان 59 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 59:1-17

زەبووری 59

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە، کاتێک شاول پیاوی نارد بۆ ئەوەی چاودێری ماڵی داود بکەن و بیکوژن.

1ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم،

بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.

2فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران،

ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.

3ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە!

ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم،

بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.

4هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم.

ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!

5تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل،

هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان،

لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.59‏:5 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 13، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

6دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە،

وەک سەگ دەمڕێنن و

بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

7ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و

شمشێر لە لێویانە،

دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»

8بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت،

گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.

9ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم،

ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.

10خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام،

سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.

11ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە،

ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت.

بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و

بەریان بدەوە.

12لەبەر گوناهەکانی دەمیان،

لەبەر وتەکانی لێویان،

با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن.

لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،

13لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە،

بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن.

ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات،

هەتا ئەوپەڕی زەوی.

14دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە،

وەک سەگ دەمڕێنن و

بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

15بەدوای خواردندا وێڵ دەبن،

دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.

16بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم،

بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم،

چونکە تۆ قەڵای منیت،

لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.

17ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم،

ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.