زەبوورەکان 58 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 58:1-11

زەبووری 58

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.

1ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟

ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟

2بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،

هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.

3بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،

لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.

4ژەهریان وەک ژەهری مارە،

وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،

5کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،

هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.

6ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،

ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!

7با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،

با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.

8وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،

وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.

9پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،

چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.

10کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،

پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.

11ئینجا خەڵکی دەڵێن:

«بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،

بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»