زەبوورەکان 57 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 57:1-11

زەبووری 57

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە.

1لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە،

چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ،

من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ،

هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.

2بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم،

بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت.

3لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات،

ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن.57‏:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 6، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت.

4گیانم لەناو شێرانە،

لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم،

ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن،

زمانیشیان شمشێری تیژە.

5ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،

با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.

6تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم،

گیانم پەرێشانە.

چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند،

بەڵام خۆیان تێی کەوتن.

7دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە،

دڵم چەسپاوە،

سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.

8ئەی گیانی من، هەستە!

ئەی ساز و قیسارە، هەستن!

من بەرەبەیانان هەڵدەستم.

9ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،

لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،

10چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، دەگاتە ئاسمان،

دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.

11ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،

با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.