زەبوورەکان 55 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 55:1-23

زەبووری 55

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.

1ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،

پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،

2گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.

سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،

3لە بیستنی دەنگی دوژمن،

لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،

چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و

بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.

4دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،

ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.

5ترس و لەرز دایگرتووم،

تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.

6گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،

دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،

7بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و

لە چۆڵەوانی دەمامەوە.55‏:7 لە دەقی عیبری لێرە و لە ناوەڕاستی ئایەتی 19، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

8پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،

دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»

9ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،

چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.

10شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و

خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.

11وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،

دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.

12ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،

بەرگەم دەگرت،

ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،

دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.

13بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،

هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،

14کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،

بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.

15با مەرگ چەواشەیان بکات،

با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،

چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.

16بەڵام هاواری من بۆ خودایە،

یەزدانیش ڕزگارم دەکات.

17ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان

گلەیی دەکەم و دەناڵێنم،

ئەویش گوێم لێ دەگرێت.

18گیانمی بە تەواوی کڕییەوە

لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە،

چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.

19خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە،

گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛

ئەوانەی ناگۆڕێن و

ترسی خودایان لە دڵدا نییە.

20هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی،

پەیمانی خۆی دەشکێنێت.

21زمانی وەک کەرە لووسە،

بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە.

قسەی لە ڕۆن نەرمترە،

بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.

22خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە،

ئەو پشتگیریت دەکات،

هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.

23بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر،

خوێنڕێژ و فێڵبازەکان،

ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە.

بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.