زەبوورەکان 53 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 53:1-6

زەبووری 53

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.

1گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:

«خودا نییە.»

ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،

کەس نییە چاکە بکات.

2خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،

تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،

کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات.

3هەموو هەڵگەڕانەوە،

هەموو گەندەڵ بوون،

کەس نییە چاکە بکات،

تەنانەت یەکێکیش نییە.

4ئایا ئەم هەموو گوناهبارانە هیچ نازانن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و

ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.

5لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،

کە هیچ ترسی لێ نەبوو.

خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،

ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.

6با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!

کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،

با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!