زەبوورەکان 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 5:1-12

زەبووری 5

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شمشاڵ. زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە،

لە ناڵەم وردبەرەوە.

2گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام،

چونکە لێت دەپاڕێمەوە.

3ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت،

بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم،

4چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت،

بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.

5لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن،

ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،

6ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت،

یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.

7بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ،

بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.

8ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە،

ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم،

9چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە،

ناوەڕۆکیان لەناوچوونە،

قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،

زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.

10ئەی خودایە، تاوانباریان بکە!

با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە،

لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە،

چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.

11بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن،

با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن.

دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە،

هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.

12بێگومان ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت،

بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.