زەبوورەکان 49 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 49:1-20

زەبووری 49

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

1ئەی هەموو گەلان، ئەمە ببیستن،

ئەی هەموو دانیشتووانی زەوی، گوێ بگرن،

2پایەبەرز و پایەنزم،

هەژار و دەوڵەمەند پێکەوە.

3دەمم باسی دانایی دەکات،

لێکدانەوەی دڵم تێگەیشتنە.

4گوێ بۆ پەند شل دەکەم،

بە قیسارە مەتەڵەکەم ڕوون دەکەمەوە.

5بۆ لە ڕۆژانی تەنگانە بترسم،

کاتێک فێڵبازە خراپەکارەکان دەورم دەگرن؟

6ئەوانەن کە پشت بە سامانیان دەبەستن،

شانازی بە دەوڵەمەندییەکەیان دەکەن.

7کەس ناتوانێت ژیانی براکەی بکڕێتەوە،

یان کەفارەتی ئەو بداتە خودا.

8کڕینەوەی ژیان زۆر گران دەکەوێت،

هەرگیز ناتوانرێت نرخی تەواوی بدرێت،

9تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و

گۆڕ نەبینێت.

10بێگومان هەموو دەبینن کە تەنانەت کەسە داناکانیش دەمرن،

نەزانەکان و گێلەکان وەک یەک لەناودەچن و

سامانیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن.

11گۆڕیان ماڵی هەتاهەتاییانە،

شوێنی نیشتەجێبوونیانە نەوە دوای نەوە،

لەگەڵ ئەوەشدا زەویشیان بە ناوی خۆیانەوە ناودەنا.

12مرۆڤ هەرچەندە دەوڵەمەند بێت نامێنێت،

وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.

13ئەمە ڕێگای ئەوانەیە کە پشت بە خۆیان دەبەستن،

ئەوانەش کە دوایان دەکەون بە قسەکانیان پەسەندی دەکەن.49‏:13 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 15، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

14ئەوانە وەک مەڕن و چارەنووسیان مەرگە،

مەرگ دەبێتە شوانیان.

لە بەیانیدا سەرڕاستەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکەن،

شێوەیان دادەڕزێت،

جیهانی مردووان دەبێتە ماڵیان.

15بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە،

چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.

16ترست لێ نەنیشێت ئەگەر یەکێک دەوڵەمەند بوو،

شکۆمەندی ماڵەکەی زیاد بوو،

17چونکە کە مرد هیچ لەگەڵ خۆی نابات،

شکۆیەکەی بەدوایەوە نابێت.

18لەگەڵ ئەوەی کاتێک زیندووە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت،

ستایش دەکرێیت کاتێک سەرکەوتوو بیت.

19بەڵام ئەویش بۆ نەوەی باوباپیرانی دەڕوات،

ئەوانەی هەتاهەتایە چاویان بە ڕووناکی ناکەوێتەوە.

20مرۆڤ دەوڵەمەندیش بێت ئەگەر تێنەگات،

وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.