زەبوورەکان 44 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 44:1-26

زەبووری 44

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.

1خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،

باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین،

تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،

لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.

2بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و

باوباپیرانی ئێمەت چاند،

گەلانت وردوخاش کرد و

گەشەت بە باوباپیرانمان دا.

3ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکەکەدا نەگرت،

بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا،

بەڵکو دەستی ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،

هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.

4تۆ پاشا و خودای منی،

تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.

5لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،

بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.

6من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،

شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.

7بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،

تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.

8بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،

هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین.44‏:8 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

9بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،

لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.

10وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،

ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.

11وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،

لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.

12گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،

قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.

13لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،

بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.

14ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،

خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.

15ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،

شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،

16لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،

لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.

17ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،

لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،

پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.

18دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،

پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.

19بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،

بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.

20ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،

یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،

21ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،

چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟

22لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،

وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

23ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟

هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە!

24بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟

بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟

25گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،

سکمان بە زەوییەوە نووساوە.

26ڕاپەڕە! بگە فریامان!

لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.