زەبوورەکان 43 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 43:1-5

زەبووری 43

1ئەی خودایە، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،

پارێزگاریم لێ بکە لە نەتەوەیەکی خوانەناس،

لە پیاوی فێڵباز و لە زۆردار دەربازم بکە.

2تۆ خودا و قەڵای منی.

بۆ وازت لێ هێنام؟

بۆچی دەبێت بناڵێنم،

بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟

3ڕووناکی و ڕاستی خۆت بنێرە،

با ئەوان ڕێنماییم بکەن،

با ئەوان بمهێننە کێوی پیرۆزت،

بۆ نشینگەکەت.

4ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا،

خودای خۆشی و دڵشادیم،

خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم.

5ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟

بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟

ئومێدت بە خودا هەبێت،

چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،

ئەو ڕزگارکەر و خودامە.