زەبوورەکان 42 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 42:1-11

کۆکراوەی بەشی دووەم

زەبوورەکانی 42‏–72

زەبووری 42

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح

1چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،

ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.

2گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.

کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم42‏:2 لە ئەمادەگی خودا لە پەرستگا دەبم.‏؟

3بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،

لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

4هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:

چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،

بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،

بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.

5ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟

بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟

ئومێدت بە خودا هەبێت،

چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،

ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

6گیانم خەمبارە لە ناخم،

بۆیە یادت دەکەمەوە

لە لای ڕووباری ئوردون،

لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە42‏:6 بەرزترین شاخە لە سوریا، نزیکە 75 کم لە باکووری دەریاچەی جەلیل بووە.‏، لە کێوی میچعارەوە.

7قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،

بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،

هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.

8بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،

بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،

نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.

9خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:

«بۆچی لە یادت کردووم؟

بۆچی دەبێت بناڵێنم،

بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»

10بە تێکشکانی ئێسقانەکانم

ناحەزانم توانجم تێدەگرن،

بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

11ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟

بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟

ئومێدت بە خودا هەبێت،

چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،

ئەو ڕزگارکەر و خودامە.