زەبوورەکان 40 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 40:1-17

زەبووری 40

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.

1بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،

ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.

2لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،

لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.

پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و

هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.

3گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،

سروودێکی ستایش بۆ خودامان.

زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و

پشت بە یەزدان دەبەستن.

4خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی

پشت بە یەزدان دەبەستێت،

ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،

لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.

5ئەی یەزدان، خودای من،

زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.

ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە

کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،

ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،

ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.

6بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،

بەڵکو گوێی منت کردەوە،

داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.

7ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،

هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.40‏:7 بڕوانە دواوتار 18‏:17‏-20‏

8ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،

فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»

9لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،

ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،

دەمی خۆم ناگرم.

10ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،

باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.

11ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،

با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت،

12چونکە بەڵای بێشومار دەوری داوم،

گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم.

لە مووی سەرم زیاترن،

ورەم بەرداوە.

13یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم،

یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.

14با هەموو شەرمەزار و سووک بن،

ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی.

ببەزن و ڕیسوا بن

ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

15با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن،

ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»

16بەڵام با هەموو ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن

شاد و دڵخۆش بن.

با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!»

ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.

17بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،

با پەروەردگار بایەخم پێبدات.

یارمەتی و دەربازکەرم تۆی،

ئەی خودای من، دوا مەکەوە.