زەبوورەکان 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 4:1-8

زەبووری 4

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود.

1ئەی خودای ڕاستودروستم،

کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.

لە تەنگانەدا بە هانامەوە وەرە،

لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.

2ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟

هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟4‏:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

3بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە.

یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.

4کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،

بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن

لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.

5قوربانیی ڕاستودروست بکەن و

پشت بە یەزدان ببەستن.

6زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»

ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت4‏:6 خودا بە چاکەکانی بەسەرمان بکاتەوە، بڕوانە سەرژمێری 6‏:24‏-26.‏.

7تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە

زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.

8ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،

چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.