زەبوورەکان 39 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 39:1-13

زەبووری 39

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون39‏:0 یەکێک بووە لە ڕابەرانی ستایش لە پەرستگا. بڕوانە یەکەم پوختەی مێژوو 16‏:41‏-42.‏ زەبوورێکی داود.

1گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و

زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.

ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،

دەمم بە لغاو دەبەستم.»

2بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،

تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،

ئازارم زیاد بوو.

3دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،

هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،

ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:

4«ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،

هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،

بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.

5بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،

تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.

ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.39‏:5 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 11، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

6«بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،

ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،

سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.

7«ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟

هیوای من بە تۆیە.

8لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،

مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.

9بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،

چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.

10بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،

بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.

11مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،

وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،

هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.

12«ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،

گوێ لە هاوارم بگرە،

لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،

چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،

میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.

13ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،

پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»