زەبوورەکان 38 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 38:1-22

زەبووری 38

زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.

1ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،

بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.

2تیرەکانت منیان پێکا،

دەستت منی خستە خوارەوە.

3بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،

بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.

4تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،

وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.

5برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،

بەهۆی گێلایەتی خۆم.

6پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،

بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.

7کەلەکەم38‏:7 قەبرغەم.‏ پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،

تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.

8بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،

لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.

9ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،

ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.

10دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،

تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.

11لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،

خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.

12ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،

ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،

بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.

13بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،

وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.

14وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،

هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.

15ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،

ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە،

16چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم دڵخۆش بن،

یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»

17خەریکە دەکەوم،

هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.

18دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،

بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.

19دوژمن چالاک و بەهێزن،

ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.

20ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،

دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.

21ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،

ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.

22ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،

خێرا بگە فریام.