زەبوورەکان 37 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 37:1-40

زەبووری 37

زەبوورێکی داود.

1بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ،

بەغیلی بە بەدکاران مەبە،

2چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن،

وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.

3پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە،

لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.

4خۆشی لە یەزدان ببینە،

داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.

5ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و

متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:

6ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات،

بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.

7لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە،

کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون،

کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.

8لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە.

مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.

9بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە،

بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.

10پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت،

دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.

11بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و

خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.

12خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و

ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،

13بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت،

چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.

14بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و

کەوانەکانیان دەچەمێننەوە،

بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن،

بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.

15بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان،

کەوانەکانیان تێکدەشکێت.

16ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی،

لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،

17چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت،

بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.

18یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین،

هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.

19لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن،

لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن.

20بەڵام بەدکاران دەفەوتێن،

دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن،

وەک دووکەڵ لەناودەچن.

21بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە،

بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن.

22ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە،

بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.

23یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ،

بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ.

24ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت،

چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت.

25من گەنج بووم و ئێستا پیرم،

هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت،

یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن.

26هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات،

منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن.

27لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە،

ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت،

28چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات،

واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ.

هەتاهەتایە دەپارێزرێن،

بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە.

29ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و

هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن.

30دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت،

زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات.

31فێرکردنی37‏:31 تەورات.‏ خودای خۆی لەناو دڵیەتی،

بۆیە پێی ناخلیسکێت.

32بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست،

هەوڵدەدات بیکوژێت،

33بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت،

ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت.

34چاوەڕێی یەزدان بکە و

ڕێگای ئەو بگرە.

ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە،

کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت.

35بەدکارم دی بێ ویژدان بوو،

وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد،

36بەڵام زوو تێپەڕی و نەما،

هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو.

37بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە،

مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە.

38بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن،

دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە.

39ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت،

ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە.

40یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات،

لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات،

چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.