زەبوورەکان 35 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 35:1-28

زەبووری 35

زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،

لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.

2سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،

ڕاپەڕە و بگە فریام.

3ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە

لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.

بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»

4با ڕیسوا و شەرمەزار بن

ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،

با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن

ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.

5با وەک کای بەر بایان لێ بێت،

فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.

6با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،

فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.

7لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،

بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،

8با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،

با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،

با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.

9ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،

بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.

10هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:

«ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟

تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،

هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»

11شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،

پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.

12بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،

گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.

13بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،

بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.

کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،

14وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،

پرسەدار بووم بۆی،

وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،

لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.

15بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،

کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و

بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.

16وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،

ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.

17ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟

گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،

ژیانم لەو بەچکە شێرانە.

18لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،

لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.

19مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،

کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.

مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،

بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.

20ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،

بەڵکو درۆ دادەڕێژن

لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.

21دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:

«ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»

22ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.

ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.

23هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،

ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.

24ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،

مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.

25مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»

یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»

26با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،

تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.

با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،

بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.

27با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،

گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.

با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،

کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»

28زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و

بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.