زەبوورەکان 34 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 34:1-22

زەبووری 34

زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت.34‏:0 بڕوانە یەکەم ساموئێل 21‏:10‏–22‏:1.‏

1هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،

هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.

2گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،

با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.

3با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،

با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.

4ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،

لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.

5ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،

ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.

6ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،

لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.

7فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،

دەربازیان دەکات.

8تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.

9لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی،

چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.

10ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن،

بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.

11کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن،

فێری لەخواترسیتان دەکەم.

12چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و

ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟

13زمانت لە خراپە بپارێزە و

لێوەکانت لە فێڵبازی.

14لە خراپە دوور بە و چاکە بکە،

بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.

15چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و

گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.

16ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە،

تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.

17سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت،

لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.

18یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و

ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.

19پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،

بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،

20هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،

هیچیان ناشکێنرێت.

21بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،

ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.

22یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و

ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.